پرۆفیسۆر دكتۆر محەمەد ئیحسان ئوستاز و توێژەر لە زانكۆی ییڵ بۆ گوڵان
پرۆفیسۆر دكتۆر محەمەد ئیحسان ئوستاز و توێژەر لە زانكۆی ییڵ بۆ گوڵان
- عێراق بە وڵاتێكی جینۆساید ناسراوە و بەڕوونی چەمكی جینۆسایدی پێوە دیارە
- لەعێراق ئینكاری جینۆساید هەیە بۆیە بەردەوام ئەم تاوانە نێودەوڵەتییە دووبارە دەبێتەوە
جینۆساید بووەتە مۆركێك بەدەوڵەتی عێراقەوە ، كورد لەوەتەی هەیە بەم دەوڵەتەوە لكێنراوە هەر بەشی مەینەتی و جینۆساید بووە، لەوەش مەترسیدارتر حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە دان بەم تاوانەدا نانێن و ئینكاریشی دەكەن . بۆ قسەكردن لەسەر كەیسی ئەنفال و هەنگاوەكانی بە نێودەوڵەتیكردنی جینۆسایدی كورد ، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ پرۆفیسۆر دكتۆر محەمەد ئیحسان ئوستاز و توێژەر لە زانكۆی ییڵ سازدا لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
- كورد لەوەتەی لكێنراوە بەم دەوڵەتەی عێراقەوە هەر چارەنووس و بەشی جینۆساید و دەربەدەر و مەینەتیی بووە، بەو پێیەی بەڕێزتان پسپۆر و شارەزایت لەبواری جینۆساید و كۆمەڵكوژی كورد هەیە ، دەكرێت سەرەتای پرسیارەكەمان بەوە دەست پێ بكەین ئایا تاچەند عێراق لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە دەوڵەتێكی جینۆساید ناسراوە بەتایبەتی دژی كورد وەكو نەتەوەیەكی سەرەكی لەم دەوڵەتەدا؟
- پرسیارەكەتان چەند تەوەرە و لایەنێك لەخۆ دەگرێت ، سەرەتا كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كە عێراق بە وڵاتێكی جینۆساید ناسراوە و بەڕوونی چەمكی جینۆسایدی پێوە دیارە، لەمێژووی دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەوە جینۆسایدی تێدا روو دەدات بەتایبەتی دژی نەتەوەی كورد بەهەموو پێكهاتەكانییەوە ، هۆكاری ئەم جینۆسایدەش دژ بەكورد زۆرە هەروەكو چۆن شێوازی جینۆسایدەكەش لە زەمەن و قۆناغێكەوە بۆ زەمەن و قۆناغێكی دیكە جیاوازی هەیە ، یەكەمین هۆكاریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە عێراق لەبنەڕەتدا لە ژمارەیەك نەتەوەو پێكهاتە و ئاین و ئاینزای جیاوازی پێكهاتووە ، بۆ نموونە نەتەوەكانی كورد و عەرەب و توركمانی تێدایە، لەرووی ئاینیشەوە چەندین ئاینی وەكو ئیسلام و مەسیحی و ئێزیدی و كاكەیی و پێشتر جووی تێدابووە، هەموو ئەم نەتەوەو پێكهاتانەش ناكۆكی و جیاوازی قووڵیان لەنێواندا هەبووە و لەقۆناغەكانی مێژووییەكاندا شەڕ و جەنگ و ململانێی خوێناوییان لەنێوانیاندا روویانداوە و كۆمەڵگای عێراقیان زیاتر دابەش كردووە، گەلی كوردیش ئەوەتەی هەیە لەچوارچێوەی ئەم عێراقەدا بەماف و ئازادییەكانی نەگەیشتووە و بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەكەیان داوە ، بەمەش هەرگیز ئەم وڵاتە خاوەنی یەك كۆمەڵگە و ناسنامەیەیەكی هاوبەشی نەتەوەیی و ئاینی و نیشتمانی نەبووە ، هیچ كام لەم نەتەوەو ئاینانە ناسنامە نیشتمانییەكەیان پێش ناسنامە نەتەوەیی و ئاینییەكەیان نەخستووە ، كورد پێش ئەوەی عێراقی بێت كوردە و عەرەبیش پێش ئەوەی عێراقی بێت سووننەیە یاخود شیعەیە و توركمان و مەسیحی و نەتەوەو پێكهاتەكانی دیكەش بەهەمان شێوە، تەنانەت ئەوانەی ئیدعای عێراقیبوونیشیان كردووە بۆ دژایەتی كورد یاخود بۆ دەستكەوت و بەرژەوەندی كاتی و شەخسی و لێدانی ئەوەی دیكە بووە ، بۆ وادەیەكی كەم شانازیان بە عێراقیبوونیانەوە بۆ مەرام و بەرژەوەندی شەخسی و لێدانی ئەوانی دیكە كردووە ، یاخود بۆ بەدەستهێنانی پۆست و دەستكەوتی ماددی باسی عێراقچێتی بوونیان كردووە، ئەمەش لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی زانستی زۆر هەڵدەگرێت، رەنگە ئەو دەمەی عێراق بووەتە دەوڵەت كار بۆ سڕینەوەی برینەكانی رابردوو نەكرابێت و بەردەوام نەتەوە حاكمەكان كاریان بۆ پاوانخوازی دەسەڵاتەكانیان بردووە بە زەبری هێزو چەكداری ، لەبری ئەوەی كار بۆ جەسپاندنی مافە نەتەوەیی و ئاینییەكانی نێوان ئەم نەتەوەو پێكهاتەو ئاین و ئاینزا جیاوازانە بكرێت، بەمەش كۆمەڵگەكانی ناو عێراق بە گەشە سروشتییەكەی خۆیان تێپەڕ نەبوون؟ تاوەكو دەوڵەتی دامەزراوەیی و دەستووری و یاسایی جێگای پاوانخوازی دەسەڵاتەكان و سڕینەوەی ئەوی دی بگرێتەوە، بەپێچەوانەوە بەردەوام دامەزراوە حكومی و سەربازییەكان و دادگا و دامەزراوەكانی دیكەی مەدەنی لە عێراقدا بۆ گروپێكی توندڕەو و چەكدار پاوانخواز كراوە، لەدژی ئەوانی دیكەو قەتڵوعامكردن و سڕینەوەی ناسنامەكەیان بەكارهێنراوە. ئالێرەدا كورد لەهەموو نەتەوەو پێكهاتەكانی دیكە زیاتر ئازار دراوەو جینۆساید و دژایەتی ناسنامە نەتەوەییەكەی كراوە ، بەردەوام كار بۆ سڕینەوەی ئەم ناسنامە و كلتوور و رەسەنایەتییەكەی بەدڕندەترین شێوە كراوە، لەمێژووی دامەزرانی دەوڵەتی عێراقەوە زنجیرەیەكی بەدوای یەك جینۆسایدی كورد كراوە ، لەوانەش جینۆسایدی كوردانی فەیلی و ئەنفالی بارزانی و بادینان و گەرمیان و كیمیابارانی هەڵەبجە و وێڕانكردنی گوندەكان و شاڵاوەكانی تەرحیل و تەعریب و دەیان تاوانی دیكەی زیندانیكردن و بێسەروشوێنكردنی بەكۆمەڵی كورد، هۆكاری ئەم تاوانانەش كە دەچێتە قاڵپی تاوانی نێودەوڵەتی و جینۆسایدەوە تەنیا لەبەر كوردبوون و بەرگریكردن لە شوناسە نەتەوەیی و كلتوورییەكەی بووە ، هەموو ئەمانەش نیشانەیەكی روونە بۆ لاوازی دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستووریی و یاسایی و سەربازی و وەزارەت و دامودەزگاكانی ، كە لەبری ئەوەی بەئەركی راستەقینەی خۆیان هەڵسن و وڵات بەرەو دامەزراوەیەكی مەدەنی و پێشكەوتوو ببەن بوونەتە ئامڕازێك بەدەست كەسانی شۆڤێنی و گروپی جیاوازی چەكدارییەوە بۆ ئەوەی بەناوی جۆراوجۆر و لە قۆناغ و شێوازی جیاوازدا بەردەوامی بدەن بەم تاوانە نێودەوڵەتییانەوە، كە دوورە لەهەموو عورف و بنەمایەكی ئەخلاقی و ئاینی و دەستووری و یاسایی ، تەنانەت بەپێی ئەو ماددەیانەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و پەیماننامە جیهانییەكانیش نەبووە كە عێراق خۆی واژووی كردووەو ئەندامە تێیدا ، ئەم وڵاتە ئەوەتەی دروستبووە عەشقی بەسەربازیكردن و خوێنڕشتن و شەڕوشۆڕی تێدایە ، بەڕادەیەك فەخركردن بەكوشتن و لەناوبردنی بەرامبەرەكە دەكرێت و بەبەشێك لە سەركەوتنی لەقەڵەم دەدرێت ، هەر ئەمەشە وایكردووە كلتووری لێبووردەیی و پێكەوەژیانی تێدا كەم بێت ، نەتوانراوە بگەینە قۆناغی ئاشتبوونەوەو لێكتێگەیشتن و پێكەوەژیان. لەسەردەمی دوای عوسمانییەكانەوە تاكو ئەمڕۆ ئەم واقیعە تاڵەی شەڕو خوێنڕشتن بەردەوامی هەیە و تاكو زەمەنێكی دیكەش هەر بەردەوامی دەبێت. لەمەش خراپتر ئینكار و رەتكردنەوەی تاوانەكانە ئەمەش خاڵێكی مەترسیدارە چونكە ئەگەر مرۆڤ و كۆمەڵگە و دەسەڵاتەكان بەخۆداچوونەوەیان نەبێت و دان بە تاوان و جینۆسایدەكاندا نەنێن ئەوا تاوانەكە و جینۆسایدەكە ئەگەرێكی زۆری هەیە دووبارە ببێتەوە .
- ئەمە خاڵێكی مەترسیدارە كاتێك حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و رژێمەكان كە میراتگری دەسەڵاتەكانی پێش خۆیانن بەتایبەتی لە مەسەلەیەكی وا مەترسیداری جینۆسایددا كەچی ئینكاری دەكەن یاخود بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی هەڵناگرن، ئایا ئەم حاڵەتە نامۆیەی عێراق چۆن چارەسەر دەكرێت؟
- بەداخەوە دوای جینۆسایدەكە عەقڵیەتەكان نەگۆڕدراون و تەنیا دەموچاوەكان و شێوازی حوكمڕانەكە بەرووكەشی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، من ئاماژەم پێدا ئینكاركردنی تاوان و كۆمەڵكوژی مانای وایە رەوایەتی بەو تاوانە نێودەوڵەتییە دەدەیت، تەنانەت هیچ زەمانەتێك بۆ كورد نییە لەم عێراقەدا كەوا تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر ئەنجامدراوە بۆ جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە، من بەپێی شارەزایی و پسپۆرایەتیم لە جینۆساید وای دەبینم ئەگەر كورد زۆر بەئاگاو ووریا نەبێت و بەندوعیبرەت لە رابردوو وەرنەگرێت، ئەوا تاوانی جینۆساید دژ بە كورد دووبارە دەبێتەوە، ئەی ئەوە نییە جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی دووبارە بووەوە، یاخود پرسیكردن و بڕینی بودجە و مووچە و بەكارهێنانی كارتی جەنگی ئابووری جۆرێك نییە لە دژایەتیكردن و جینۆسایدی كورد. لەم عێراقەدا قوربانی بووە بە جەلاد ، حزبی شیعی وا هەبووە لەزەمەنی رژێمی بەعس قوربانی بووە كەچی ئێستا بووەتە جەلاد دژی سوونە و كورد و بەموشەكی كاتیوشا و درۆنی بۆمبڕێژكراوو موشەكی گراد پەلاماری كوردستان و دامەزراوەكانی دەدەن ، هەموو شێوازەكانی دیكەی گەمارۆو بڕینی بودجە و موچە و رێگرتن لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمیان بەكاردەهێنن . لە ساڵی 1948 ەوە رافائیل لێمكین یاساناسی بۆڵۆنیا كە زاراوەی جینۆسایدی داهێناو لەئەنجامدا نەتەوە یەكگرتووەكان بەیماننامەی بەرەنگاربوونەوەو سزای تاوانی جینۆسایدی لە پاریس واژوو كرد، ئا لەو كاتەدا لێمكین پێی وابوو ئەم پەیماننامەیە رێگا نادات جارێكی دیكە جینۆساید دووبارە بێتەوە ، من پێم وایە بۆچوونەكەی وا دەرنەچوو جینۆساید لەجیهان و دژ بەگەل و نەتەوەی جیاواز لە ریزبەندی پێشەوەیان كورد لەو مێژووە تاكو ئێستا چەند بارە بووەوە.
- لەسەرەتای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 ەوە جۆرێك لە گرنگیدان بەدۆسێی گەڕان بەدوای كۆڕە بەكۆمەڵەكان و دۆسێی جینۆسایدی كورد لە شاڵاوی ئەنفالەكان هەبوو، ئایا هۆكاری ئەم پشتگوێخستنەی دۆسێی ئەنفال و جینۆساید و قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- گەرچی دادگاكانی عێراق و پەرلەمان دانیان بەتاوانی جینۆسایدی كورد ناوە ، بەڵام كەمتەرخەمی كورد لە جوڵاندن و بەماركێتكردنی كێشەكانی خۆی هۆكاری سەرەكی پشتگوێخستنی دۆسێی جینۆسایدە، چونكە داننان بە تاوانی جینۆساید دەبێت كۆمەڵێك رێكاری یاسایی و قەرەبووكردنەوەو دۆزینەوەی روفاتی بێسەروشوێنەكان و رێزگرتن لە ماف و شایستە داراییەكانی ئەو نەتەوەیەی بەدوادا بێت كە رووبەرووی قڕگرتن و جینۆساید بووەتەوە ، لەلایەكی دیكەشەوە كورد خۆی نەیتوانیوە ئەم جینۆسایدە بكاتە بابەتێكی سەرەكی و عەقڵیەت و رەفتاری عەرەبەكانی بەرامبەر كورد پێ بگۆڕێت و لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بیناسێنێت ، ئەوەتا تەنیا لای نەتەوەی كورد و تەنیا لەمانگی نیساندا باسی ئەنفال دەكرێت، لەكاتێكدا رۆڵی حزبە كوردستانییەكان و پەرلەمان و دامەزراوەكانی دەوڵەت و تەنانەت رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش لەم رووەوە زۆر لاوازن. لەدوای رووخانی رژێمی بەعس من یەكەمین كەس بووم لە بیابانەكانی عێراق كۆڕە بەكۆمەڵەكانم دۆزییەوە و ژمارەیەكی زۆری ئێسك و بروسكی ئەنفالەكانم گەڕاندەوە زێدی باوك و پاپیرانیان، گرفتەكە لەوەدا بوو لەدوای من كەسێكی دیكە بەم كارە هەڵنەستا، ئەم كارەم بەبەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی دانا، كۆمەڵێك دیكۆمێنت و بەڵگەنامەمان لەبەردەستدا بوو واقیعانە سەیری بابەتەكەمان كردوو دوو سێ ساڵی پێ چوو تاوەكو كۆڕە بەكۆمەڵەكانمان دیاریكردوو دەستمان بە دەرهێنانی روفاتەكان كرد، زۆر پێویست بوو كەیسەكە یەكلا بكەینەوە بەتایبەتی لە جینۆسایدی بارزانییەكان كە پیاوەكانیان بێسەروشوێنكرابوو گرفتێكی كۆمەڵایەتیشی لێكەوتبووەوە. لە 2003 و 2005 و دواتر 2013 چەند وەجبەیەكی روفاتی ئەنفالەكانمان هێنایەوە و لەكۆتایی دا كەیسەكەمان تەسلیمی وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی كوردستان كرد.
- بەڵام وەزارەتی شەهیدان تاكو ئەمڕۆش نەیتوانیوە پرۆفیشناڵانە مامەڵە لەگەڵ دۆسێی جینۆسایدی كوردان و شاڵاوی ئەنفالەكان بكات ، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چی بكرێت تاوەكو كەیسی جینۆسایدی كورد و شاڵاوی ئەنفالەكان بە زیندوویەتی بهێڵدرێتەوەو رێگا نەدرێت ئەم تاوانە دڕندەیە لە عێراقدا دووبارە بێتەوە ؟
- بابەتی جینۆساید و گەیاندنی راستییەكانی جینۆسایدی كورد ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە ، هەرچەندە ئەمە كاری من نییە هەڵسەنگاندن بۆ كاری ئەو بەرپرسانە بكەم كە ئەم ئەركەیان لەئەستۆ گرتووە ، بەڵام بەروونی دیارە وەكو پێویست گرنگی پێ نەدراوە. دەبێت لەبواری ئەكادیمی و زانستی كاری جیددی و گەورەی لەسەر بكرێت و لەگەڵ ناوەندە گەورەكانی لێكۆڵینەوەی جیهانی كاری لەسەر بكرێت و لە زانكۆكانی واشنتۆن و هارڤەر و ئینگلترا و سوید و وڵاتانی دیكەی جیهان كاری زانستیانەو پرۆڤیشناڵانەی تێدا بكرێت ، ئەم كەیسە نابێت بەسیاسی بكرێت سەرەتا لەرووی یاسایی و مرۆڤی و ئەخلاقییەوە كاری لەسەر بكرێت.
- لەسەرەتای قسەكانت زۆر جەختت لەسەر ئەوە كردەوە كە هیچ زەمانەتێك بوونی نییە بەوەی لەم عێراقەدا جینۆساید دژی كورد دووبارە نەبێتەوە، ئایا چی بكرێت تاوەكو بەلانی كەم ئەم جینۆسایدە بەو شێوە فراوان و مەترسیدارە دووبارە نەبێتەوە؟
- ئەم عەقڵیەتەی رەتكردنەوەی ئەوی دیكە و ئینكاركردنی جینۆساید و دەستێوەردانی دەرەكی و چەندین بابەتی دیكەی نائومێدی وەكو ململانێی سیاسی توند لەنێوان هەرێم و بەغدا هەمووی وا دەكەن ژیانی 6 ملیۆن كەس لەمەترسیدایە، ئەوەتا بڕینی قووتی 6 ملیۆن كەس و نەدانی مووچە و بودجەی هەرێم لەكاتێكدایە كە بەغدا رێگا نادات كورد نەوتەكەی خۆی بفرۆشێت ، ئەمەش جۆرێكی دیكەی جینۆسایدە بە شێوازێكی دیكە و لە ژێر پەردە و پاساوێكی دیكەدا . بۆیە دەبێت سەركردایەتی سیاسی كوردستان و حزبە كوردستانییەكان زۆر بەووردی جیددی لەسەر بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و دۆسێی ئەنفال و جینۆسایدی كورد كار بكەن و رێگاش نەدەن هیچ لایەنێكی سیاسی لە هێڵە گشتییەكانی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی لابدات.